٣ تەمووز ٢٠٢٥ - ١٢:١٣
Source: Mehrnews
بێدەنگیی جۆلانی هەمبەر بە بەرزاییەکانی گوڵان

رۆژانەمی "شەرق" نووسی: ئیتر هەموو دەزانن ئەحمەد شەرع کێیە و چۆن لەو ئەکتەرە تەکفیری و ڕادیکاڵەوە کەوتۆتە باوەشی ڕۆژئاوا و ئیسرائیلەوە. چۆن پاش گرتنەدەستی دەسەڵاتی دیمەشق، بە ئاراستەی باشترکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و تورکیا، بەربۆتە پێشوازی‌کردن لە ڕۆژئاواییەکان.

 بەشی نێودەوەڵەتی: لەگەڵ ئەوەی ترامپ و ئەحمەد شەرع لە مانگی مەی و لە ڕیازی عەرەبستان تەوقە و دیداریان کرد، ترامپ کەسایەتیی شەرعی بەهێز وەسف کرد و دوو وڵات خێرا کەوتنە گێژەنی ئاشتەوایی و بەدوایدا سەرۆک کۆماری ئەمریکا بەڵێنیی هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆی سووریای دا و ڕۆژی دووشەممەی حەوتەی ڕابردوو، بەڵێنەکەی بەجێ هێنا و فەرمانی هەڵوەشاندنەوەی هەموو گەمارۆکانی واژۆ کرد.

ئاسایی‌بوونەوەی پەیوەندییەکانی سووریا و ئیسرائیل

ماڵپەڕی ئاکسیۆس هاوکاتی هەواڵی هەڵوەشانەوەی گەمارۆکانی سووریا، ئیدعای کرد کە دۆناڵد ترامپ دانوستانە سەرەتاییەکانی بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئەمنی نێوان دیمەشق و تلاڤیڤ دەست‌پێکردووە. کەواتە بە گوێرەی ئەو ماڵپەڕە، ئامانج لەو دانوستانانە نەک ئاسایی‌کردنەوەی پەیوەندییەکانی سووریا و ئیسرائیل، بەڵکوو کەمکردنەوەی ناکۆکی و دەستەبەرکرانی سنوورەکانە. ئەگەرچێ سەرۆک کۆماری ئەمریکا و بەرپرسانبی ئیسرائیلی چاوەڕوانن دواجار بگەنە ئاشتییەکی یەکجاری و ئاسایی‌بوونەوەی پەیوەندییەکان.

لە لایەکی ترەوە، ئاکسیۆس دەڵێ بەرپرسانی ئیسرائیلی زۆر ڕازی نین لەوەی کە ترامپ هەموو گەمارۆکانی هەڵوەشاندۆتەوە و پێیان باشتر بوو کە بەشێکی گەمارۆکان وەک باڵێ زەخت بە سەر دیمەشقدا بمێنێتەوە. دیارە تلاڤیڤ زیاتر مەیلی لەوە بوو کە گرێبەستەکانی نێوانیان پێشتر بەڕۆژ بکرێتەوە و پاسان دانوستانێکی بەربڵاوتر بۆ هەڵوەشانەوەی گەمارۆکان و بابەتەکانی تر بکەن.

ئەگەرچی داگیرکارییەکانی ئەمدواییەی ڕژیمی زایۆنی و کشانەوە لە ڕێککەوتننامەی 1974 و بەزاندنی سنووری عازل لە بەرزاییەکانی گوڵان، کارتێکی تری ئیسرائیلە بۆ ناچارکردنی سووریا لە قبووڵ‌کردنی چوونە پای میزی دانوستان.

پەیوەندیی ئاڵۆزی جۆلانی و بەرزاییەکانی گوڵان

خێزانی ئەحمەد شەرع خۆی یەکێکە لە خێزانە بێ‌ژومارە ئاوارەکانی دانیشتووی بەرزاییەکانی گوڵان کە پاش داگیرکرانی لە لایەن ئیسرائیلەوە لە 1967، ڕوویان لە شار و وڵاتانی تر کردووە. بۆیە کاتێک وەک سەرکردەیەکی ڕادیکاڵی تەکفیری لە سووریا دەرکەوت ناوی جۆلانی (گوڵانی) لە خۆی نا و بەو ناوە نیسانی دەدا کە ئەو هێشتا لە بابەتی داگیرکرانی زێدی باوانی خۆی تووڕەیە و ئەمە دەسپێکی هەڕەشە و گوڕەشەکانی لە دژی ڕۆژئاوا و داسەپانی گەمارۆکان لە دژی ئەو و گرووپە تیرۆریستییەکەی واتە تەحریرولشام بوو.

لە لایەکی ترەوە داگیرکرانی بەشێکی بەرینی بەرزاییەکانی گوڵان (نزیکەی 1200 کیلۆمەتر لە باشووری ڕۆژئاوای سووریا) لە 1967، گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە ئیسرائیل لە 1981دا ئەو بەشە تەڤلی سەرزەوینەداگیرکراوەکان بکات و لە 2019دا ترامپیش سەرەڕای ناڕەزایەتی جیهانی، ئەو داگیرکارییە بە فەرمی بناسێت.

ئێستاکە لە بەرزاییەکانی گوڵان 20 هەزار شارۆچکەنشینی ئیسرائیلی دەژین و تا ئێستا 30 شارۆچکەی نایاسایی لەوێدا چێکراوە و بەرپرسانی ئیسرائیلی لە سەرماوەزی ساڵی ڕابردوودا بە فەرمی ڕایانگەیاند کە بە هیچ چەشنێک لە بەرزایی گوڵان ناکشێنەوە و هیچ ڕێککەوتنێکی ئاشتیش ناتوانێ ئەو بەرزاییانە لە ئیسرائیل بستێنێتەوە.

ئەوە لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی سووری پێشتر جەختیان لەوە کردبوو کە پرسی بەرزاییەکانی گولان و چارەسەرکردنیان پێشمەرجی ئاسایی‌بوونەوەی پەیوەندییەکانی دیمەشق و تلاڤیڤە. پێش‌مەرجێک کە بە گوێرەی ڕۆژنامەی لوبنانیی "الاخبار" لە نێوان مەرجەکانی دواتری دەوڵەتی شەرع بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ئیسرائیل دەرهاویشتراوە و تەنیا تەرکیز خراوەتە سەر بە فەرمی‌ ناسرانی دەوڵەتی ئەحمەد شەرع لە لایەن ئیسرائیل و کشانەوەی ئیسرائیل لەو ناوچانەی لە مانگی دیسامبێردا داگیری کردوون و وەستاندنی هێرشەکانی تلاڤیڤ بۆ سەر خاکی سووریا.

هەر بۆیە، زۆربەی میدیا و شرۆڤەکاران بەپێی بەڵگە ئاشکرابووەکان و بێدەنگیی ئەحمەد شەرع لەبارەی بەرزاییەکانی گولان، لەوباوەرەن کە سەرۆکی کاتیی سووریا لە پێناو ڕاکێشانی سەرنجی ڕۆژئاواییەکان و وەرگرتنی یارمەتی لەوان، ئەو بەرزاییانەی پێشکەشی ئیسرائیل کردووە.

Your Comment

You are replying to: .
captcha